هه‌واڵ و چالاكی

وه‌زیرى ئه‌وقاف پێشوازى له‌ شاندێكى ناوه‌ندى دیالۆگى ئایینى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات

راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2018/12/19 له‌ دیوانى وه‌زارەت به‌ڕێز د. پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبیارى ئایینى به‌وه‌كاله‌ت به‌ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێزان د. دیار عزه‌ددین جه‌بارى به‌رێوه‌به‌رى گشتى كارگێرى و دارایى به‌وه‌كاله‌ت، فریدون حسن به‌رێوه‌به‌رى گشتى ئه‌وقافى پارێزگای سلێمانى، خیرى بوزانى به‌رێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى ئێزیدییه‌كان و ئه‌میر عوسمان به‌رێوه‌به‌رى پێكه‌وه‌ژیانى ئایینی پێشوازى كرد له‌ به‌رێز محمد ابو نمر گه‌وره‌ راوێژكارى سه‌نته‌رى دیالۆگى نێوده‌وڵه‌تى  ئایینه‌كان (عبدالله‌ بن عبدالعزیز) و شاندێكى یاوه‌رى .

سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنى شاندی میوانى كرد بۆ هه‌رێمى كوردستان و دواتر شاندی میوان سوپاسى پێشوازى گه‌رمى به‌ڕێز وه‌زیرى ئه‌وقافیان كرد  و به‌رێز محمد ابو نمر راوێژكارى سه‌نته‌رى  عبدالله‌ بن عبدالعزیز بۆ دیالۆگى ئاینه‌كان ئاماژه‌ى به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك كرد له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌ئامانجى لێك نزیككردنه‌وه‌  و بره‌ودان به‌ قوڵكردنه‌وه‌ى گیانى خۆشه‌ویستى نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى جیهان، هه‌روه‌ها سوپاسى تایبه‌تى خۆى و ده‌سته‌ى باڵاى سه‌نته‌رى دیالۆگ  ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد له‌به‌رامبه‌ر حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌وژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌كانى جه‌نگه‌ جیاوازه‌كانى ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان پێكدێن و روویان له‌هه‌رێم كردووه، و‌ زێتر گوتى كوردستان لانه‌ و په‌ناگه‌ى پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ش جیهان به‌سه‌ر سامییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ بابه‌تى پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌كانى كورستان. دواتر داوایان له‌به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف كرد كه‌ له‌داهاتوودا هه‌ماهه‌نگیان هه‌بێت به‌ئامانجى رێكخستنى چه‌ند چالاكییه‌كى جۆراوجۆر و خزمه‌تگوزارى بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازى.

پاشان به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف وێراى ده‌ست خۆشى له‌ چالاكییه‌كانى سه‌نته‌رى  (عبدالله‌ بن عبدالعزیز) بۆ دیالۆگى ئایینه‌كان ئاماژه‌یدا كه‌ وه‌زاره‌تى ‌ئه‌وقاف به‌رده‌وام كار ده‌كات بۆ پاراستنى كلتورى پێكه‌وه‌یى له‌هه‌رێم، هه‌روه‌ها  گوتى كه‌ پێكه‌وه‌ژیان بۆته‌ كلتورێك شۆڕبۆته‌وه‌ نێو تاك به‌تاكى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها روناكى خسته‌سه‌ر گرێدانى كۆنفرانسى رێكخستنى گوتارى ئایینى و كردنه‌وه‌ى په‌یمانگاى كوردستان و چه‌ندین كارى ترى گرنگى وه‌زاره‌ت كه‌ ئامانج لێیان پته‌وتركردنى گیانى خۆشه‌ویستى نێوان ئاینه‌كان و پێكهاته‌كانه‌.

دواتر وه‌زیرى ئه‌وقاف ئاماده‌یى  وه‌زاره‌تى نیشاندا بۆ هه‌ر بابه‌تێك كه‌خزمه‌ت به‌پرۆسه‌ى پێكه‌وه‌ژیان بكات له‌هه‌رێمى كوردستان و هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌به‌رده‌وامه‌كانى بۆ پێكهاته‌كان دیارى تایبه‌تى سه‌نته‌رى ناوبراو پێشكه‌ش به‌به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى كرا.

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى سه‌نته‌ری دیالۆگى نێوده‌وڵه‌تى  ئایینه‌كان (عبدالله‌ بن عبدالعزیز) له‌ ڤیه‌نناى پایته‌ختى ووڵاتى نه‌مسایه‌ و كاركردنیان له‌سه‌ر ئاستى جیهانه‌.

Show More