به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌هه‌واڵ و چالاكی

یەکەمین دیداری گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی حه‌ج و عومره‌ به‌ڕێوه‌چوو

ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

له‌ژێر چاودێری دكتۆر پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، ئه‌مڕۆ له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، دیداری گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی حه‌ج و عومره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

دیداره‌كه‌ له‌ دوو پانێلی جیا چه‌ندین پرسی هه‌ستیاری تایبه‌ت به‌ هه‌ردوو پرۆسه‌ی حه‌ج و عومره‌ خسته‌ به‌ر گفتوگۆ و توێژینه‌وه‌. له‌ پانێلی یه‌كه‌م به‌شداران بریتی بوون له‌ به‌ڕێزان، دكتۆر عه‌بدوڵا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان،دكتۆر هه‌ورامان حه‌مه‌شه‌ریف سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و شێخ قاسم ره‌سول به‌رزنجی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ و ئه‌م پانێله‌ له‌لایه‌ن شێخ ئیبراهیم به‌رزنجی به‌ڕێوه‌بردرا.

پاش پشوویه‌كی كورت پانێلی دووه‌م هاته‌ سازدان به‌ به‌شداری به‌ڕێزان سه‌لام كه‌ریم سه‌یدان راوێژكار له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، فه‌یزوڵا محه‌مه‌د ره‌سول له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و شێخ عه‌بدولقادر ئه‌حمه‌د له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزار و حه‌ج و عومره‌ی كوردستان. ئه‌م پانێله‌ش له‌لایه‌ن به‌ڕێز نه‌به‌ز ئیسماعیل به‌ڕێوه‌بردرا.

شایانی ئاماژه‌پێدانه‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌یوه‌ندیدار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كامل حاجی عه‌لی وه‌زیری پێشووتری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، ڕاوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌ت و به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رانی حه‌ج و عومره‌ی پارێزگاكان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایانی ئاینی و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومره‌ و میوانانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پرۆسه‌كه‌ ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوون.

له‌ كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا چه‌ند راسپارده‌یه‌كی گرنگ گه‌ڵاڵه‌ كران كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی تۆكمه‌تركردنی كاروباری حه‌ج و عومره‌ و به‌ به‌رژه‌وه‌ندی حاجیان و عومره‌كاران له‌ هاوڵاتیانی به‌ڕێزی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌بن.

Show More