هه‌واڵ و چالاكی

وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى پێشوازى له‌ كونسڵى فه‌ره‌نسا ده‌كات

كونسڵى فه‌ره‌نسا:  هه‌رێمى كوردستان بۆ جیهان جێگه‌ى شانازییه‌، چونكه‌ جوانترین تابلۆى پێكه‌وەژیانى ئایینى پێشكه‌ش كردووه‌

ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 2020/5/20 به‌رێز د.  پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى پێشوازى كرد له‌ به‌رێز  (ئۆلیڤیێ دێكۆئێنى) كونسڵى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان. سه‌ره‌تاى دیداره‌كه‌ وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى وێراى به‌خێرهێنان تيشكی خسته‌سه‌ر ره‌وشى ئایینى و پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌كان لە كوردستان، هه‌روه‌ها رۆڵى وڵاتى فه‌ره‌نساى به‌رز نرخاند كه ‌هه‌رده‌م پاڵپشتى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ بەتايبەتی لە ساڵی ١٩٩١، بۆئه‌مه‌ش هه‌ردوولا خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كى مێژوویی دێرینن .

له‌به‌رامبه‌ردا كونسڵى فه‌ره‌نسا سه‌رسامى خۆى به‌ پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌كان ده‌ربڕى و رایگه‌یاند كوردستان جوانترین نمونه‌ى پێشكه‌شى جیهان كردوه‌ و لە روژھەلاتی ناوەڕاستيش بووەتە ئارامترين شوێن بۆ پێكەوە ژيان، ھەروەھا گوتيشی رۆڵی زانایانى ئایینى بە به‌رزی دەنرخێنم بۆ كارى به‌رده‌وام و پاراستنى بنه‌ماى پێكه‌وه‌ژیانى ئایینى لە ناوچەكەدا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش كوردستان له‌بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن كولتورى ئاشتى و لێبورده‌یى  و خۆشه‌ویستی بووە.

كونسوڵى فه‌ره‌نسا ده‌ست خۆشى و ستايشي رێكاره‌كانى حكومه‌تى ھەرێمي كوردستان كرد له‌سه‌ر به‌ره‌نگاریه‌كانى ڤایرۆسى كۆرۆنا رایگه‌یاند مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى زانستى و ئەكادیمی زۆر باش بووه‌، بۆیه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ زیانه‌كانى ڤایرۆس كۆرۆنا  كه‌متربوون.

Show More