هه‌واڵ و چالاكی

ده‌زگاى خێر خوازى بارزانى كۆنفرانسى پێكه‌وه‌ ژیانى دواى داعش رێكخست

ڕاگەیاندنی وەزارەت

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌  2019/9/21 به‌ئاماده‌بوونى به‌رێز د.پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى، پێكهاته ‌ئاینییه‌كان، مامۆستایانى  زانكۆ و رۆشنبیران ده‌زگاى خێرخوازى بارزانى كۆنفرانسێكى له‌ژێر ناوى (ئاینده‌ى پێكه‌وه‌ژیان دواى داعش) رێكخست.

له‌چوار چێوه‌ى كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف به‌وتارێكى گرنگ و پڕ بایه‌خ به‌شدارى  كرد و تیایدا به‌ووردى پرۆژه ‌و  ستراتیجیه‌تى وه‌زاره‌ت و كاره‌ له‌پێشینه‌كانى له‌ماوه‌ى رابردوو بۆ ئاینده‌ به‌شێوه‌یەكى وورد و زانستى خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ وێراى خستنه‌ڕووى گرنگى كاركردنى وه‌زاره‌ت له‌باره‌ى پێكه‌وه‌ژیانى ئایینى له‌هه‌رێمى كوردستان.

ده‌قى ووتاره‌كه‌ى به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف له‌كۆنفرانسى ئاینده‌ى پێكه‌وه‌ژیان دواى داعش

 

به‌ناوى خوداى گه‌وره‌و میهره‌بان

مێوانانى به‌رێز.. ئاماده‌بووانى خۆشه‌ویست.. ئه‌م كاته‌تان.. باش هیوادارم هه‌ر له‌كامه‌رانیدا بن و خۆشحاڵم له‌م دیداره‌دا و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌رێز و خۆشه‌ویست ده‌بین.

كلتورى پێكه‌وه‌یى و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن له‌كوردستانى ئازیزماندا مێژوویه‌كى دێرین و پرسه‌روه‌رى هه‌یه‌، مێژوو ئه‌وه‌ى بۆ هه‌مووان سه‌لماندووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ڕووى پێكه‌وه‌یى نمونه‌یه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست و ناوچه‌كه‌ و جیهان، گه‌واهیمان بۆ ئه‌م وتانه‌مان سه‌لماندنى راپۆرته‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى پێكه‌وه‌ژیانى ئایینى نێوان پێكهاته‌كانى كوردستان.

جێگه‌ى خۆیه‌تى ئاماژه ‌بكه‌ین كه ‌تاوه‌كو ئێستا له‌مێژووى حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستان هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر بابه‌تى توندوتیژى و ئازادى ئایینى سكاڵاى له‌سه‌ر كه‌سێكى تۆمار نه‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كى ڕوونه‌ خه‌ڵكى كوردستان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ ئاشتى پارێزن و  رووحیه‌تى پێكه‌وه‌یش بۆته‌ كلتور بۆیه‌ هه‌مووان لێره‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین، بێ گومان چاره‌نووسیشمان هه‌رپێكه‌وه‌یه‌.

به‌رێزان.. یه‌كێك له‌ خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى  پاراستنى گیانى پێكه‌وه‌یى  و رۆحیه‌تى یه‌كتر قبوڵ كردنه‌ له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، له‌ماوه‌ى رابردوو به‌شێوه‌یه‌كى زانستى كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ چۆن وابكه‌ین ئه‌و جوانیه‌ى كوردستانى ئازیزمان هه‌یه‌تى و له‌ جیهاندا ده‌نگى داوه‌ته‌وه‌ بیپاریزێن و بره‌وى زێتریشى بده‌ینێ، بێگومان ئه‌مه‌ كردارێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ پێویستى به‌كاركردنى گشتگیره‌، چونكه‌ هه‌موومان له‌م ووڵاته‌داین و پێكه‌وه‌ش نیشتیمانى ئازیزمان ده‌پارێزین.

به‌رێزان هه‌موو جیهان به‌وێنه‌ى گوڵدانێكى ره‌نگاوڕه‌نگ سه‌یرى پێكه‌وه‌ژیانى كوردستان ده‌كه‌ن، ده‌بینن كه‌ جۆره‌ها ره‌نگ و ده‌نگ و ئایین و پێكهاته‌ى جیاوازن، پێكه‌وه‌ش به‌بێ بوونى هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ گۆزه‌ى نیشتیماندان و ده‌ژین و كۆبونه‌وته‌وه‌.

ئاماده‌بووانى.. به‌رێز مێوانان.. ده‌بێت رۆڵى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى به‌رز بنرخێنین، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئامۆژگارى جه‌نابیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌هه‌موو هێزه‌وه‌ پارێزه‌رى پێكهاته‌كانى كوردستان بین به‌بێ جیاوازى ئایین نه‌ته‌وه‌ ره‌نگ، ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی جه‌نابیان كردۆته‌ بناغه‌ى كاركردنمان و هه‌میشه‌ په‌یڕه‌وى ئه‌و هێڵه‌ گرنگه‌ ده‌كه‌ین كه‌ده‌ره‌نجامه‌كانى ده‌بینین چۆن پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ن و په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تیشیان چه‌ند به‌هێزه‌.

به‌رێزان.. كلتورى پێكه‌وه‌ژیان قوربانى شه‌هیدى بۆ دراوه‌ ده‌یان هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى گیان له‌سه‌ر ده‌ست به‌درێژى دیرۆكى میلله‌ته‌كه‌مان خۆیان كردۆته‌ قوربانى خاك و نیشتیمانى پیرۆز كه‌  نیشتیمانى هه‌موومانه‌، بۆیه‌ ئه‌م ئارامى ته‌ناهیه‌ ئێستا به‌رى ڕه‌نجى خه‌بات و گیانفیداى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و هێزه‌كانى ترى پاراستنى خاكى پیرۆزى كوردستانه‌، بێ گومان پێشمه‌رگه‌ پارێزه‌رى راسته‌قینه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانه‌، چونكه‌ هه‌مووان ده‌پارێزن له‌چنگى چاوتێبرینى ئه‌وانه‌ى چاویان به‌ژیان وئارامى و رووناكى هه‌ڵنایه‌.

به‌رێزان.. لاتان روونه‌ سه‌ره‌ڕاى جه‌نگى نه‌گریسى تیرۆرستانى داعش كوردستان رووبه‌رى جه‌نگێكى سه‌ختى دارایى هاته‌وه‌ و ئابوورى كوردستان له‌داڕمان نزیك بوو و بوودجه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به‌یه‌كجارى له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بردرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى رێزدار نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  ده‌رگاى خسته‌ سه‌ر پشت و نزیك دوو ملیۆن ئاواره‌ى له‌هه‌موو ناوچه‌كانى باشورو ناوه‌راستى عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌ش روویان له‌هه‌رێم كرد هه‌موویان جێگیر كران،  خه‌ڵكى به‌ئه‌مه‌كى كوردستان پێشوازیان لێ كردن.

ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف ده‌رگاى مزگه‌وته‌كان و كه‌نیسه‌كان و مه‌ڵبه‌نده‌كانى ترى ئایینى مان  به‌رووى لێقه‌وماوان له‌هه‌موو پێكهاته‌ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان كرده‌وه‌، مامۆستایانى ئایینى به‌رێزى ئێمه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگیان بوون، له‌رێگه‌ى مینبه‌رى مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بانگه‌واز كراو هه‌موو هاوڵاتیان به‌ گوێرى تواناى خۆیان یارمه‌تیان پێش كه‌ش به‌ ئاواره‌و لێ قه‌وامان ده‌كرد، سه‌ره‌راى سه‌ختى دۆخى دارایى  پێشكه‌شكرنى خزمه‌ت گوزارى ته‌ندروستى خوێندن په‌روره‌ده‌، خواردن و شوێن  پێویستیه‌كانى تر له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دابین كرا.

به‌رێزان.. ئه‌مه‌ سه‌ره‌راى شه‌رى نه‌گریسى داعش له‌لایه‌ك  هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان رووبه‌رى تیرۆر ده‌بووه‌  و په‌لاماره‌كانیان تێك ده‌شكاند له‌لایه‌یكى تر خزمه‌تى ئاواره‌ و لێ قه‌وماوانى كۆچبه‌ران ده‌كرا .

ئاماده‌بووانى.. به‌رێز مێوانان.. له‌ ئێستاداو له‌كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى رێزدار مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یه‌كێك له‌خاڵه‌ گرنگه‌كانى كاركردنى حكومه‌ت  كه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانه‌ پاراستن و بره‌ودانه‌ به‌پێكه‌وه‌ژیانى ئایینى وپێكهاته‌كانى كوردستان، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ى كاركردنى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیژى ئاماده‌كردوه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان خزمه‌ته‌ به‌ نیشیتیمانه‌كه‌مان و پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌كان، چه‌ندین لێژنه‌ى تایبه‌ت پێكهاتوون ئێستا به‌ووردى كارده‌كه‌ن ده‌ستنیشانى ئه‌و خاڵانه‌یان كردوه‌ كه‌پێویسته‌ كارى زێترى بۆ بكرێت، به‌ڵام پێویسته‌ بگوترێ گه‌ر چى داعش له‌رووى سه‌ربارزى كۆتاى هاتووه‌، به‌ڵام كاركردن له‌سه‌ر نه‌مانى بیر و هزرى داعش پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌ نیه.‌ بۆیه‌ ئێمه‌ له‌رێگه‌ى خول و راهێنان پرۆسه‌ى زانستى به‌رده‌وام داین بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ زێتر به‌ره‌وپێش ببه‌ین، له‌ ئێستاشدا وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف چه‌ند ناوه‌ندێكى گرنگى لێكۆلینه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌سانى شاره‌زا كارى تێداده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌ره‌وپێش بردنى پرۆسه‌كه‌ و كاركردن له‌سه‌ر بنه‌بڕكردنى بیر و هزرى داعش و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌و بازنه‌ى بیركردنه‌وه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌توانن لیریره‌وه‌ بلێم كه‌سه‌ره‌راى سه‌قامگیرى  دۆخى پێكه‌وه‌یى  له‌كوردستان پرۆژه‌ى به‌رهه‌مدار پێشكه‌ش ده‌كرێن كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كیمان خزمه‌ته‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان به‌بێ جیاوازى.

دووباره‌ سوپاس بۆهه‌موو لایه‌ك هه‌ر له‌خۆشى و كامه‌رانیدا بن.

Show More