هه‌واڵ و چالاكی

وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى پێشوازی له‌پۆلێك مامۆستاى ئایینى به‌رێز كرد

وه‌زیرى ئه‌وقاف: به‌پێى تواناى وه‌زاره‌ت مامۆستایانى ئایینى بۆ بینینى خولى تایبه‌ت ده‌نێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ى كوردستان

راگه‌یاندنى وه‌زاره‌ت

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 23/12/2019 به‌رێز د. پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى به‌ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان د. به‌رێزان بشیر خلیل حداد جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و د.عبدالله سعید گرتكى سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى كوردستان  پێشوازیان له‌ پۆلێك مامۆستاى ئایینى به‌رێز كرد كه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌ وڵاتى میسر له‌زانكۆى ئه‌زهه‌ر به‌شدارى خولێكى زانسته‌ شه‌رعیه‌كانیان كردبوو.

له‌دیداره‌كه‌دا وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنه‌وه‌ى مامۆستایانى به‌رێزى كرد و هیواى خواست كه‌ به‌شدارى مامۆستایان له‌بینینى خولى زانسته‌ ئایینى و شه‌رعییه‌كان له‌ زانكۆى ئه‌زهه‌ر كاریگه‌رى خۆى هه‌بێت و ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشتر بردن و وه‌رگرتنى زانیارى به‌سوود و گرنگ كه‌ له‌خزمه‌تى ئایینى پیرۆز و هاوڵاتیانى ئازیزدا بێت.

وه‌زیرى ئه‌وقاف رایگه‌یاند: به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ى وه‌زاره‌ت له‌داهاتوو فراوانتر ده‌بێت به‌پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ین مامۆستایانى ئایینى به‌رێز به‌شدارى خوله‌ جۆراوجۆره‌كانى تریش بكه‌ن له‌ ووڵاتان كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ سه‌نگ و قورسایى خۆى هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى شارستانییه‌ت و كلتورى و ژیارى گه‌لان، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند مامۆستایان به‌ده‌ر له‌بابه‌ته‌ زانستییه‌كان پێویسته‌ په‌ره ‌به‌لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانى بده‌ن له‌هه‌ر شوێنێكدا كوردستان و مێژووه‌ پڕ له‌ سه‌روه‌رییه‌كه‌ى بناسێنن، چونكه‌ هه‌ر یه‌كێك له ‌ئێوه‌ى به‌رێز نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى كوردستانن له‌ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ به ‌ئه‌وپه‌رى تواناوه‌ له‌پاڵ وه‌رگرتنى زانیارییه‌كان دۆزى گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌موو جیهان بناسێنن.

دواتر له‌وته‌یه‌كدا به‌ڕێز د. عبدالله سه‌رۆكى یه‌كێتى زانایانى ئایینى سوپاسى  وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى كرد بۆ هه‌موو پشتیوانییه‌كانى له‌مامۆستا و زانایانى ئایینى پایه‌به‌رز كه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ى شانازى هه‌موو مامۆستایانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌لى له‌م شێوه‌یه‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێت و به‌شدارى خوله‌ جۆراوجۆره‌كانیان پێ ده‌كرێت، بێگومان ئه‌مه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كى گرێدانى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزه‌ له‌نێوان مامۆستایان و ده‌زگاكانى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف.

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ ئه‌م پۆله‌ مامۆستا به‌رێزانه‌ ماوه‌ى مانگێك له‌وڵاتى میسر مانه‌وه‌ چه‌ندین بابه‌تى زانستى شه‌رعى و بابه‌ته‌كانى فیقهى ئیسلامییان خوێندووه‌، له‌كۆتایشدا بڕوانامه‌ى تایبه‌تى زانكۆى ئه‌زهه‌رییان وه‌رگرت.

Show More