هه‌واڵ و چالاكی

وه‌زیرى ئه‌وقاف پێشوازى له شاندێكى سەرۆكایەتی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە كوردستان و پارێزگای نەینەوا و عێراق دەکات

ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌ت
به رێز د. پشتیوان سادق وه‌زیرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى به‌وه‌كاله‌ت بەیاوەری به‌ڕێز خالد جه‌مال بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحییەکان له‌فرۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر پێشوازى كرد له‌شاندی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس بەسەرۆكایەتی قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەمی پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری
دواى حه‌وانه‌ویان شاندی میوان رۆژى دواتر له‌پیرمام له‌لایه‌ن رێزدار مه‌سعود بارزانى پێشوازیان لێكراو شاندی میوان دڵخۆشى خۆیان ده‌ربڕى به‌دیداری به‌ڕێزیان و له‌دیدارێكدا سوپاسى هه‌رێمى كوردستان وحكومه‌ت و گه‌لى كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و گرنگییه‌ى به‌پێكهاته‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌یده‌ن، هیواشیان خواست كه ‌گه‌لى كوردستان به‌رده‌وام بێت به‌م شێوه‌ كاركردنه‌ى به‌ئامانجى پته‌وتر كردن و پاراستنى گیانى خۆشه‌ویستى نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان .
دواتر له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رێزدار نێچیرفان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندى مێوان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن و نیه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمی بۆ شاندى مێوان خسته‌روو كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى له‌ماوه‌ى رابردوو سەرەرای ئاستەنگەکانی دارایی خزمه‌تكردنى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستانه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌خزمه‌ت گوزارییه‌كانى لێقه‌وماوانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌به‌هۆى شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌وه‌ روویان له‌ناوچه‌كه‌ كردوه‌.
ھەرلەچوارچێوەی سەردانی شاندی مێوان سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانی کردو لەلایەن بەڕێزیانەوە پێشوازیان لێکرا.
رۆژى شه‌ممه‌ 2019/1/26 له‌دیوانى وه‌زاره‌ت به‌رێز وه‌زیرى ئه‌وقاف پێشوازى له‌شاندى میوان كرد و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ڕوناكى خسته‌سه‌ر ره‌وشى بێكه‌وه‌ژیانى ئایینى له‌هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پێكه‌وه‌ژیان بۆته‌ كلتورى خه‌ڵكى كوردستان هه‌مووشمان شانازى ده‌كه‌ین كه‌ وڵاته‌كه‌مان جێگه‌ و په‌ناگه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستانه‌، هه‌روه‌ها به‌رێزیان ئاماژه‌یدا كه ‌هه‌موو لایه‌كمان پارێزه‌رى ئه‌م كلتوره‌ى پێكه‌وه‌یه‌ن كه‌ له‌هه‌رێمدا دایه‌ و بۆته‌شوێن و ماڵى هه‌مووان، هەروەها باسی لەوەش کرد کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەندین گۆڕانکاری و هەنگاوی گەورەی كردووه‌ بۆ پارستن و زامنکردنی ئەم پێکەوەژیانە و هەر لەم چوارچێوەیەشدا بوو کە بەڕێوەبەرایەتییه‌ك به‌ناوی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی كه‌ نوێنه‌ری هەریه‌ک لە ئایین و ئایینزاکانی كوردستان کرایەوە.
له‌به‌رامبه‌ردا شاندی میوان خۆشحاڵى خۆیان به‌سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربرى و رایان گه‌یاندن كه‌ كوردستان به‌ماڵى خۆیان و هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌زانن بۆیه‌ كوردستان نه‌ك بۆ ئێمه‌ بۆ هه‌موو جیهان جێگه‌ى شانازییه‌ ئێوه‌ میلله‌تێكن شایسته‌ى رێز و خۆشه‌ویستین، چونكه‌ توانیوتانه‌ ببنه‌ ماڵى ئه‌وانه‌ى رووتان تێده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش له‌جیهاندا ئه‌مه‌ بینراوه‌ كه‌ چۆن له‌نێوجه‌رگه‌ى شه‌روو ئاڵۆزى بونه‌ته‌ فریاد ره‌سى پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌.

Show More